
بەشێك لەماڵپەڕو كەناڵەكانی راگەیاندن هەواڵی جیاواز سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەی كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاودەكەنەوە.
ماڵپەڕی (NRT) بەپشتبەستن بەسەرچاوەیەك لەنوسینگەی وەزیری سامانە سروشتییەكان بڵاویكردۆتەوە، كەمال ئەتروشی داوای دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كردوەو چۆتە وڵاتی كوێت و رەتیدەكاتەوە بگەڕێتەوە سەر كارەكەی، بەڵام تائێستا داواكەی قبوڵنەكراوە، لەكاتێكدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران داوای لە وەزیری سامانە سروشتییەكان كردوە بگەڕێتەوە سەر ئەركەكەی، بەڵام ناوبراو رەتیكردۆتەوە.
بەرامبەر بەم هەواڵە ماڵپەڕی (روداو) لەزاری سەمیر حاجی بەڕێوەبەری نوسینگەی كەمال ئەتروشی بڵاویكردۆتەوە كە هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری سامانە سروشتییەكان دورە لە راستییەوە، ناوبراو بەمەبەستی چەند پشكنینێكی پزیشكی چۆتە دەرەوەی وڵات و مۆڵەتی وەرگرتوە، دوای پشوەكانی سەری ساڵ دەگەڕێتەوەو دەست بەدەوامی ئاسایی خۆی دەكاتەوە.
بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە لە دوو سەرچاوەی جیاوازەوە بوە كە هەردوكیان لە نوسینگەی وەزیری سامانە سروشتییەكانەوە بوەو یەكێكیان سەرچاوەی نادیارو ئەوی تریان سەرچاوەی فەرمی و دیارە، لەهەمانكاتدا هەردوو سەرچاوەكە تەئكید دەكەنەوە كە كەمال ئەتروشی لە دەرەوەی وڵاتە، یەكێكیان ئاماژەی كردوە كە گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتی كوێت و ئەوی تریشیان چونە دەرەوەیەتی بەمەبەستی پشكنینی پزیشكی لەدەرەوەی وڵات.


