
كۆمپانیای فایزەر پێشبینی ئەوە دەكات، پەتای كۆرۆنا تاوەكو ساڵی 2024 بەردەوام بێت و جەخت لەوەش دەكاتەوە، ئەو ڤاكسینەی بۆ منداڵان ئامادەیان كردووە بەرگری لاوازتر دروست دەكات لەوەی پێشبینییان دەكرد.
میكائیل دۆلستن گەورەی زانایانی كۆمپانیای فایزەر لە بەیاننامەیەكدا وتویەتی، پێیان وایە لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا هەندێك ناوچە بەردەوام دەبن لە تۆمار كردنی ئاستێكی بەرزی توشبوون بە كۆرۆنا، هەندێك دەوڵەتیش ئاستێكی كەم تۆمار دەكەن.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، بەپێی پێشبینییەكانیان پەتای كۆرۆنا تاوەكو ساڵی 2024 بەردەوام دەبێت، بە تەواوەتی كەی و چۆن كۆتایی دێت؟ ئەوە پشت بە گەشەی نەخۆشییەكە و كاریگەری ڤاكسینەكان و دابەش كردنیان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دەبەستێت.
كۆمپانیای فایزە بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای “بیۆنتیك” یەكێك لە ڤاكسینە دیارەكانی دژی كۆرۆنایان دروست كردووە كە ئێستا لە جیهاندا بڵاوەوە و كۆمپانیاكە بەنیازە لە ساڵی 2022 چوار ملیار ڤاكسین بەرهەم بهێنێت، پێشبینی ئەوەش دەكرێت هەر لەو ساڵەدا داهاتی كۆمپانیاكە 31 ملیار دۆلار بێت.
