
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لافاوەكەی هەفتەی رابردوی سنوری پارێزگای هەولێر سەرەڕای زیانی گیانی 21 ملیار دینار زیانی ماددی گەیاندووە، لە ئێستاشدا پرۆسەی پاككردنەوە و دەرخستنی راستییەكانی هۆكاری لافاوەكە دەستی پێكردووە.
ئومێد خۆشناو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوانیدا وتی، بەهۆی ئەو لافاوەوە كە بەرەبەیانی رۆژی هەینی رابردوو رویدا 15 شوێنی ناحیە و قەزا و سەنتەری شاری هەولێری گرتۆتەوە و بەوهۆیەوە 12 كەس گیانیان لە دەستداوە 10یان تەرمەكانیان گەیشتووەتەوە دەست خانەوادەكانیان كە 3 هاوڵاتی ناوخۆ و یەك كوردی ئێزدی و یەك تورك و ٣ عەرەب و 2 نیپاڵیان لەناودایە، دوو هاوڵاتیش تەرمەكانیان نەدۆزراوەتەوە.
باسی لەوەش كرد، 2هەزار و 509 خێزان كەلوپەلی ناوماڵەكانیان لەدەستداوە، هەروەها 402 خانو و 867 ئۆتۆمبێل زیانیان بەركەوتووە و ژمارەیەك ئۆتۆمبیلی حكومەتیشی تێدایە، لەگەڵ ئەوانەشدا 153 دوكان و پێشانگا و كۆگا و ژمارەیەك لە مەڕو ماڵات و زەوی كشتوكاڵیش زەرەرمەند بوون.
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی رونكردووەتەوە، ئەوەش جگە لەو زیانە خزمەتگوزاریانەی بەر كەرتی گشتی كەوتوون لە تێكچونی شەقامی گشتی و تۆڕەكانی كارەبا و قوتابخانە و بینای حكومەت و پرد، هەروەها هەردوو بەنداوی كەردز و بێستانە زیانیان بەركەوتووە، بە كۆی گشتی خەمڵاندنی ئەو زیانانە 21 ملیار دیناری عیراقییە.
داواشی كرد، حكومەتی عیراقی لەسەر ئەركی بودجەی دەوڵەت هاوكاری زیانلێكەوتووانی هەولێر بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارە بانكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كراوەتەوە تاوەكو هەر هاوكارییەك هەبێت، لە رێگەی ئەو ژمارانە بێت و هەموو دابەشكردنی هاوكارییەكیش لە رێگەی ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكان دەبێت.
ئومێد خۆشناو وتیشی، بەهۆی ئەو رووداوە جەرگبڕە و شەهید بوونی چەند پێشمەرگەیەكیش لە سەنگەرەكانی بەرگریدا، بۆ سەری ساڵ هیچ بۆنەیەكی فەرمی نییە.

