
هێزە دەریاییەكانی یۆنان بڵاویانكردەوە، تائێستا گەڕان بەدوای بێ سەروشوێنبوەكانی دەریای ئیجە بەردەوامەو ئاماری گیانیانلەدەستدانیش زیادیكردوە.
دوای ئەوەی بەلەمێكی كۆچبەران لە دورگەیەكی نزیك یۆنان تێكشكاو ژمارەیەك لە سەرنشینەكانی بێسەروشوێن بون، تائێستا گەڕان بەدوای ئەو كەسانەی چارەنوسیان نادیارە بەردەوامە.
هێزی دەریاوانی یۆنان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، بەردەوامن لە گەڕان بە دوای ئەو كەسانەی لەو بەلەمەدا بون كە لە باشوری خۆرهەڵاتی ئەسینای پایتەختی یۆنان بێسەروشوێن بون، تائێستا ئەوانەی رزگاریان كردون 12 كۆچبەرن كە زۆربەیان عیراقین.
هەروەها نیكۆس كۆكالاس وتەبێژی هێزە دەریاییەكانی یۆنان وردەكاری نقومبونی بەلەمەكەی باسكردوەو وتویەتی: دوێنێ تەرمی یەك كەسیان بە خنكاوی دۆزیوەتەوە بەڵام ئێستا ژمارەكە زیادی كردوەو بونەتە سێ كەس و بەدەیان كەسیش بێسەروشوێن.
كۆكالاس ئاماژەی بەوەكردوە، نالەباری كەشوهەوا رێگە نادات بەوردی بەدوایاندا بگەڕێن، ئاوی دەریاكە ساردو قوڵە رەنگە هەلی ئەوە نەڕەخسێنێت كەسێك بدۆزینەوە لە ژیاندا مابێت
لەبارەی ژێرئاو كەوتنی بەلەمەكەوە ئەو وتەبێژەی هێزە دەریاییەكان دەڵێت: شەوی سێشەممە كاتێك زانیاریمان پێگەیشت كە ماتۆڕی بەلەمەكە لە كاركەوتوە دەستمان بە جوڵەكردن كردوە، بەڵام لە باشوری فولیگاندرۆس ژێر ئاوكەوتوە بەلەمێكی بچوكی یەدەگ هەبوە كاتێك روداوەكە بوە ئەو 12 كەسە توانیویانە خۆیان بخەنە ناو ئەو بەلمە بچوكەوەو رزگاریان بوە.
