
رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لەوەی، ئەگەری هەیە بەهۆی لە رادە زیادبوونی ژمارەی توشبووانی كۆرۆنا بەهۆی نەوەی ئۆمیكرۆنەوە، ببێتە هۆی دەركەوتنی نەوەی نوێ و مەترسیدار.
كاسرین سمۆلوود بەرپرسی بەشی فریاكەوتنی رێكخراوەكە بە ئاژانسی “فرانس پرێس”ی وتووە، لەوانەیە زۆربوونی ژمارەی توشبووانی كۆرۆنا وەڵامی پێچەوانەی بەدوادا بێت.
رونیشیكردووەتەوە، چونكە تاوەكو بڵاوبوونەوەی ئۆمیكرۆن زیاتر بێت دەرفەتی دەركەوتنی نەوەی نوێ زیاتر دەبێت، ئۆمیكرۆن لە نەوەی دەلتا كەمتر كوشندەیە، بەڵام نازانین نەوەی داهاتوو چۆن دەبێت.
ئەو بەرپرسەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەشداوە، ئێستا لە قۆناغێكی زۆر مەترسیدارداین و ژمارەی توشبووان زۆر زیاد دەكەن و تاوەكو ئێستا كاریگەرییەكانی بە تەواوەتی دیار نین، ئۆمیكرۆن لە رووی ژمارەی توشبووانەوە هەڕەشەیەكی زۆر گەورەترە.


