
كۆمپانیای دانەغاز و نەوتی هیلال لە بڵاوكراوەیەكدا رایانگەیاندووە، لە سێ ساڵی رابردوودا ئاستی بەرهەمێنانی غاز لە كوردستان بەڕێژەی 50% زیادیكردوە، كار بۆ ئەوەدەكەن تاوەكو سەرەتای ساڵی 2023 ئاستی بەرهەمێنانی رۆژانە بگەیەننە 700 ملیۆن پێ سێجا.
كۆمپانیای دانەغاز و نەوتی هیلال دەربارەی بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێمی كوردستان باسیان لەوەكردووە، لە ساڵی 2018وە ئاستی بەرهەمێنانی غاز لە كوردستان رۆژانە لە 305 ملیۆن پێ سێجاوە بە رێژەی 50% زیادیكردووە و ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی غاز گەیشتووەتە 452 ملیۆن پێ سێجا.
ئاشكراشیان كردووە، زیادبونی ئاستی بەرهەمهێنانی غاز دوای ئەوە دێت چەندین چاكسازی لە كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی غازی هەرێم و بەتایبەت كێڵگەی غازی خۆرمۆر ئەنجامدراوە، بەرنامەیان هەیە تاكو سەرەتای ساڵی 2023 ئاستی بەرهەمێنانی رۆژانە بگەیەننە 700 ملیۆن پێ سێجا.
لە بڵاوكراوەكەیاندا ئەوەش هاتووە، كار بۆ دابینكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی كوردستان لە كێڵگەی غازی خۆرمۆر و چەمچەماڵ دەكەن.

