
فەتاح رەحمان بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایگەیاند، ناردنی نەوتی ماڵان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بەردەوامە، بەڵام بە بڕێكی كەم رەوانە دەكرێت و داوای زیادكردنیان كردووە.
فەتاح رەحمان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، ناردنی نەوت لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامە، بەڵام بەهۆی كەمی ناردنی نەوتەكە رۆژانە ناتوانرێت وەكو پێویست بەسەر هاووڵاتیان دابەش بكرێت.
باسی لەوەش كردووە، نەوتەكە لیتری بە 400 دینار دەدرێتە حكومەتی هەرێم و تا دەگاتە دەستی هاوڵاتیان بەرمیلێك نرخەكەی دەگاتە 90 هەزار ئەو نەوتەش زیاتر بۆ ناو پارێزگاكانە، بەڵام ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێم دابینی دەكات نرخەكەی 55 هەزار دینارە و دەدرێتە شوێنە ساردەكان و گوندەكان.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، داوایانكردووە ناردنی ئەو نەوتەی لە بەغدای دەكڕنەوە زیاتر بكرێت، چونكە ئەگەر بەم شێوەیە رەوانە بكرێت رەنگە تاوەكو مانگی چوار بڕەكەی تەواو بكرێت، بەڵام هیچ بەڵێنێكیان پێنەداون و لە ئێستاشدا كە پلەكانی گەرما لە پارێزگاكانی باشورو ناوەڕاستی عیراقیش دابەزیوە بۆ خۆیان بەكاریدەهێنن.

