
عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان سەبارەت بە كەمپینی پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەڵێت، هەماهەنگ دەبن لەگەڵیان و پرسی پلە بەرزركردنەوەشیان ئاڕاستەی وەزارەتەكانی پەروەردە و دارایی كردووە.
عەبدولواحید محەمەد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، بەمەبەستی باشتركردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران بەردەوام كاریان لەسەر پرسی پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان كردووە، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتی رەسمییان داوە بە وەزارەتی پەروەردە و پەرلەمانی كوردستان، چونكە مافێكی سروشتی و یاسایی مامۆستایان و فەرمانبەرانە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا بەهۆی راگرتنی پلە بەرزكردنەوە مانگانە 60 تاوەكو 70 هەزار دینار لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەگێڕدرێتەوە، ئەوەش لێبڕینێكی داپۆشراوە.
لەبارەی ئەو كەمپەینەش بۆ پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە هەرێم راگەیەندراوە باسی لەوە كردووە، هەر هەوڵێك بۆ ئەو پرسە بدرێت هەوڵێكی یاساییە و هەماهەنگ دەبن لەگەڵیان، خۆشیان بە بەرپرسیار دەزانن بۆ بەرزكردنەوەی ئەو داواكارییە.
