
زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، نازانن بەشێكی زۆری داهات چی بەسەر دێت و تەنانەت وەزارەتی داراییش نازانێت.
زیاد جەبار بە دەنگی ئەمریكای وتووە، فرۆشی نەوتی هەرێم لە رێگای كۆمپانیای دیلۆیتەوە رادەگەیەندرێت، ئەوەی كە هەیە حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە لە %58 ی داهاتی نەوت بۆ كرێ و خەرجی كۆمپانیاكانی نەوت دەڕوات لە %42ی دەگەڕێتەوە بۆ هەرێم.
رونیشیكردووەتەوە، لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان راسپێردراوە بەدواداچوون بكات بۆ ئەو لە %58 ی داهاتی نەوت كە دەڕوات بۆ خەرجی كۆمپانیاكان، هەرچەندە حكومەتی هەرێم دەمێكە وتوویەتی چاكسازی دەكات، بەڵام لە راپۆرتی ساڵانەدا هەر لە %58 داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیاكانی نەوت رۆیشتبوو.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئێستا نرخی نەوت زۆر بەرزە بەڵام تاوەكو ئێستا هەر مانگانە 350 ملیۆن دۆلار دەدرێتە وەزارەتی دارایی بۆ موچە، نازانن بەشێكی زۆری داهات چی بەسەر دێت و تەنانەت وەزارەتی داراییش نازانێت.
هەرچی دەربارەی دابەش كردنی موچەیە سەرۆكی لیژنەی دارایی وتویەتی، هەموو كات ئەوەیان وتووە ئەگەر چاكسازی لە داهاتەكانی هەرێمدا بكرێت، حكومەتی هەرێم دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و موچە بدات، بە تایبەت ئێستا نرخی نەوت بەرزە و فرۆشتنی نەوت داهاتی ژمارە یەكە.

