
دوو بەرپرسی ئەمریكی ئاشكرای دەكەن، 70%ی هێزە شەڕكەرەكانی روسیا ئامادەن بۆ داگیركردنی تەواوەتی ئۆكرانیا و بەردەوامیش هێزی زیاتر رەوانەی سەر سنورەكان دەكات.
ئەو دوو بەرپرسە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان وتووە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردودا روسیا ژمارەیەك بەتالیۆنی تری ناردووەتە سەر سنورەكان لەگەڵ ئۆكرانیا و ئێستا 83 بەتالیۆن ئامادەن و 14ی تریش ئامادەن بۆ گواستنەوەیان.
رونیشیان كردووەتەوە، سەبارەت بەكاتی داگیر كردنەكە پێشبینی دەكرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگە دەست پێبكات و تاوەكو كۆتایی مانگی 3 بەردەوام دەبێت، بەردەوامی ناردنی هێز بۆ سەر سنورەكان ئەوەش پیشان دەدات كە دەرگای دپلۆماسی بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان داخراوە.
بەپێی زانیاریەكان، روسیا زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ناردووەتە سەر سنورەكان لەگەڵ ئۆكرانیا، هەرچەند رەتیدەكاتەوە نیازی داگیركردنی هەبێت، جەخت لەوە دەكاتەوە ئەگەر داواكاریەكانی جێبەجێ نەكرێت ئەوا دەست دەكات بە پرۆسەی سەربازی، سەرەكیترینیشیان وەرنەگرتنی ئۆكرانیایە لە هاوپەیمانی ناتۆ، بەڵام ئەمریكا بە توندی ئەو داواكاریە رەتدەكاتەوە.

