
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، رەوانەكردنی غازی هەرێم بۆ توركیا كە بڕیارە ساڵی 2025 دەست پێ بكات، بەبێ پرسكردن بە عیراق بەبێ كێشە تەواو نابێت.
عەلی حەمە ساڵح لەپەیامێكی ڤیدیۆییدا وتویەتی، رێژەی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان بە 5.7 ترلیۆن مەتر سێجا مەزەندە دەكرێت، لەو رێژەیەش 85%ی غازی هەرێم كە 6 كێڵگەی سەرەكین كەوتونەتە سنوری گەرمیان و چەمچەماڵ و گەورەترین و دیارترینیان كێڵگەكانی غازی “خورمەڵە و كۆرمۆرە”.
ئاماژەی بەوەشداوە، پلانێك هەیە بۆ ئەوەی غازی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە بۆ توركیا بگوازرێتەوە و قۆناغی یەكەم و دووەمی پڕۆژەكەش دەستیپێكردوە، لەكاتێكدا هەرێم تاوەكو ئێستا بۆ دابینكردنی كارەبا و غازی ماڵان و هۆكاری خۆگەرمكردنەوە پێویستی بە غاز هەیە، ناكرێت پێداویستی ناوخۆ پڕنەكەیتەوە و دەستبكەی بەفرۆشتنی.
ئەو پەرلەمانتارە رونیشیكردووەتەوە، تاوەكو ساڵی 2025 كە بڕیارە پرۆسەی ناردنی غاز بۆ توركیا دەستپێبكات، عیراق ژمارەی دانیشتوانی نزیك دەبێتەوە لە 50 ملیۆن كەس و پێویستییەكی زۆر بۆ غاز دەبێت، ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ بەغدا نەكرێت حكومەتی فیدراڵی بەربەست بۆ هەرێم دروست دەكات.
