
چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی خۆی لەبارەی كاردانەوەكانی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نایاساییبونی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان دەردەبڕێت و دەڵێت: هەڵوێستی كورد نێگەتیڤەو هەڵگەڕانەوەیە لە دەستورو یاسای عیراق .
عارف عەبدولجەلیل ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی بە سایتی مەعلومەی وتوە، چوارچێوەكەیان سەرەڕای تانەو بەڵگەكانی كە پێشكەشی كردوە لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردن و دانیشتنەكانی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەڵام لەدوای دەركردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پابەندی خۆمان دوپاتكردەوە، چونكە دادگاكە وەك سەمامەی ئەمان وایە لە وڵاتدا.
عەبدولجەلیل وتوشیەتی: هەموو حكومەتەكانی پێشوو كێشەی رێككەوتن و رادەستكردنی بڕێك نەوتیان لەگەڵ كورددا هەبووە، لەهەمانكاتدا داهاتی خۆشیان بەدەستهێناوە لە بودجەی گشتی و یەك بەرمیل نەوتیشیان رادەستی حكومەتی ناوەندی نەكردوە.
رونیشیكردۆتەوە، دادگای فیدراڵی كە شەرعیەتی لەهەرێمی كوردستان وەرگرتۆتەوە پابەندی دەكات بە رادەستكردنی سەرجەم داهاتە نەوتییەكان و نا نەوتییەكان كە سنورەكان و فڕۆكەخانەكان و گومرگەكان لەخۆدەگرێت.
ئەو ئەندامەی چوارچێوەی هەماهەنگی راشیگەیاندوە، قەبارەی قەرزەكان لەسەر هەرێمی كوردستان لەحكومەتەكانی رابردو گەیشتۆتە زیاتر لە 128 ملیار دۆلار وەك شایستەی نەوتی و نانەوتی.