
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەڵێت، هەر لە سەرەتای فرۆشتنی نەوت لە ساڵی 2013ەوە كەوتینە ناو لێدوانی نابەرپرس و نامەعقولی بەرپرسەكانمان بەوەی ئێمە ئاگامان لە داهاتی نەوت و هەموو شتێك هەیە، بەڵام بەراستی وانییە.
سەعدی ئەحمەد پیرە بە میدیای حزبەكەی وتووە، خەڵك دەپرسێت بۆچی ئەو كاتەی نەوت بە 29 دۆلار بوو هەر موچەیان وەرنەگرت، بوو بە 50 دۆلار هەر نەدرا، ئێستا لە سەروو 90 دۆلارەوە و هەر نییە، دەپرسن ئەو پارەیە چی لێ دەكەن.
ئاماژەی بەوەشداوە، یەكێتی بەرپرسی یەكەمە چونكە ئیدارەدانی نەوت و وزە لە هەرێمی كوردستان شەفاف نییە، لە سەرەتاوە كەوتینە نێو لێدوانی نابەرپرس و نامەعقولی بەرپرسەكانمان بەوەی ئاگامان لە داهاتی نەوت و هەموو شتێك هەیە، بەڵام بە راستی ئێمە ئاگامان لە هەموو شتێك نییە.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی وتوشیەتی، پڕۆژەی ئیدارەدانی نەوت و وزە سەركەوتوو نەبووە، لە ساڵی 2013ەوە دەستیپێكردووە كەچی نەیتوانیوە جادەكانمان چاك بكات، نەیتوانیوە خزمەتگوزارییەكان پێشبخات، نەیتوانیوە موچە لە كاتی خۆیدا بدات، هەزاران بێكارمان هەیە و هەلی كار نییە، ئێمە هیچ بەرهەمێكمان نییە و هەرچی هەیە لە دەرەوە دەیهێنن.


