
ئاشتی عەبدوڵڵا لێپرسراوی بەشی جێندەری نوسینگەی قوباد تاڵەبانی ئاشكرای كرد، خۆیان بە خاوەنی كەیسی شنیار هونەر ئەو ژنەی لەلایەن هاوسەرەكەیەوە سوتێنرا دەزانن و ئامادەی هەموو هاوكارییەكن.
ئاشتی عەبدوڵڵا لەكاتی سەردانی كردنی شنیار عەبدوڵڵا لە نەخۆشخانە وتی، خۆیان بە خاوەنی ئەم كەیسە دەزانن و ئامادەی هەموو هاوكارییەكن، هەوڵەكانی دەزگا ئەمنییەكان و پۆلیسی سلێمانی بەرز دەنرخێنن كە توانیان لە ماوەیەكی كەمدا تۆمەتباری رووداوەكە دەستگیر بكەن و بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانیش لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەت بەردەوام لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی كەیسەكە رێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت.
لای خۆشیەوە سەركەوت عومەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان وتی، ئەو ژن و مێردە پێشتر كێشەیان هەبووە و جارێك بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان كردووە بەڵام بە رەسمی سكاڵای تۆمار نەكردووە، گەر سكاڵای تۆمار بكردایە و رێكاری پێویست بگیرایەتەبەر رەنگە ئەم رووداوە نەخوازراوە رووینەدایە.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی، داوا لە ژنان دەكەن لەكاتی كێشەكانیادا پەنا ببنە بەر دادگای تایبەت بە توندوتیژی دژی خێزانی و نوسینگەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزانی.
شەوی شەممە لە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی ژنێكی تەمەن 21 ساڵ لەلایەن مێرەدەكەیەوە كە مەست بووە سوتێنرا و دواتر بەرەو سنوری ئێران هەڵات و دواتر دەستگیر كرا، بەپێی وتەی پزیشكان 85%ی جەستەی سوتاوە و باری تەندروستی ناجێگیرە.
