
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆك و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كۆبۆوە.
بەپێی راگەیەنراوێك، سەرۆك وەزیران كورتەیەكی دەربارەی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی قەتەرو بەشداریكردن لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن خستۆتەڕوو رایگەیاندوە، هەڵوێستی هەرێمی كوردستانمان دەربارەی هەموو بابەتە پەیوەندیدارەكان رونكردۆتەوەو جەختمان لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەكەدا .
هەروەها ئاماژەش بەوە دراوە كە لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی كراوە تایبەت بە كەرتی نەوت و غاز لەهەرێمی كوردستان و دوای گفتوگۆی چڕو هەمەلایەنەی بڕیارەكە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بە نادەستوری و نادادپەروەرانە دادەنێت و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ پارێزگاریكردن و داكۆكیكردن لە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەكانی خۆی هەروەك لەدەستوری عیراق جێگیر كراون كە زۆرینەی خەڵكی عێراق لەساڵی 2005 دەنگیان بەو دەستورە داوە، لەهەمانكاتدا حكومەتی هەرێم هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دوپاتدەكاتەوە بۆ بەردەوامبون لە كاركردنی هاوبەش لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر چۆنێتی چارەسەركردنی ئەم بابەتە.