
ماجد شنگالی پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا ئاماژە بەوە دەدات، دورخستنەوەی هۆشیار زێباری كاندیدی حزبەكەی لە كێبڕكێی سەرۆكایەتی كۆمار هەروا بە ئاسانی تێناپەڕێت.
شنگالی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتویەتی، بڕوا بكەن ئەوەی بەسەر هۆشیار زێباریدا هات هەروا بە ئاسانی تێناپەڕێت، ئەویش وەك پەرلەمانتار سكاڵا دژی هەموو ئەو كەسانە تۆمار دەكات كە خۆیان بۆ پۆستێك كاندید دەكەن و گومانی گەندەڵییان لەسەرە.
ئەو پەرلەمانتارە لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەداوە، تاوەكو ئەم ساتە هەموو هەوڵ و ئامانجیان لەگەڵ هاوپەیمانی سێ قۆڵی ئەوەیە كە رێگری لە تێپەڕبوون و دەرچوونی بەرهەم ساڵح بكەن.
بەهۆی ئەو تۆمەتی گەندەڵییانەی پێشتر ئاڕاستەی كرابوو، دادگای فیدراڵی عیراق خۆكاندید كردنی هۆشیار زێباری رەتكردەوە، بەهۆی ئەوەشەوە نەتوانرا سەرۆككۆمار لە ناو پەرلەماندا هەڵبژێرێت و جارێكی تر دەرگای خۆكاندید كردن كرایەوە، ئەوەش سكاڵای لەسەر تۆمار كرا و بە نادەستوریی لە قەڵەم دەدرێت.
