
شەڕی داگیر كردنی ئۆكرانیا لەلایەن روسیاوە پێی نایە رۆژی سێیەمی و شەڕ گەیشتە شەقامەكانی كیێفی پایتەخت و بەپێی زانیاریەكان، كاروانێكی هێزەكانی روسیا بە تەواوەتی لەناو براون.
سەرچاوەكانی هەواڵی جیهانی بڵاویان كردووەتەوە، لە درێژەی شەڕی داگیر كردنی ئۆكرانیا شەڕ گەیشتووەتە شەقامەكانی كیێفی پایتەختی ئەو وڵاتە و حكومەت داوای لە هاوڵاتیان كردووە كە شارەكە جێبهێڵن.
ئەوەش هاتووە، هێزەكانی ئۆكرانیا بەسەختی بەرگری دەكەن و روسیاش بە چڕی بۆردومانی شارەكە دەكات، هەروەها ئەمریكا داوای لە سەرۆكی ئەو وڵاتە كردووە كە پایتەخت بەجێبهێڵێت بەڵام رەتیكردووەتەوە، كاروانێكی هێزەكانی روسیاش كە هەوڵیانداوە دەست بەسەر وێستگەیەكی كارەبای پایتەختدا بگرن، بەتەواوەتی لەناوبراون.
لای خۆشیەوە وەزارەتی بەرگری ئۆكرانیا رایگەیاندووە، لەسەرەتای هێرشەكانەوە گورزی كوشندەیان لە هێزەكانی سوپای ئەو وڵاتە داوە، 80 تانك و زرێپۆش و 7 هێلیكۆپتەر تێكشكێنراون و دوو هەزار و 800 سەرباز و ئەفسەریان كوشتووە.

