
بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، ” یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو رۆڵەکانی خۆی کردە قوربانیی ئازادی هەولێر و سەرفرازیی خەڵکەکەی”.
لەپەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینی شاری هەولێر بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “دەبێت لەم یادە شکۆدارەدا رۆڵی کاک کۆسرەت رەسوڵ وەک سەرپەرشتیاری راپەڕینی هەولێر لە یاد نەکەین و وەبیر خۆمانی بهێنینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو رۆڵەکانی خۆی کردە قوربانیی ئازادی هەولێر و سەرفرازیی خەڵکەکەی. ئەمە مێژووی نزیکی گەلەکەمانە و هەولێرییەکان ئەم راستییە لە یاد ناکەن”.
دەقی پەیامەکە:
ئەمڕۆ ٣١ ساڵ بەسەر راپەڕینی هەولێری پایتەختی کوردستان تێدەپەڕێت، لەو رۆژەدا هەولێرییەکان مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و قارەمانێتییان بۆ کوردستان تۆمارکرد.
دەبێت لەم یادە شکۆدارەدا رۆڵی کاک کۆسرەت رەسوڵ وەک سەرپەرشتیاری راپەڕینی هەولێر لە یاد نەکەین و وەبیر خۆمانی بهێنینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو رۆڵەکانی خۆی کردە قوربانیی ئازادی هەولێر و سەرفرازیی خەڵکەکەی. ئەمە مێژووی نزیکی گەلەکەمانە و هەولێرییەکان ئەم راستییە لە یاد ناکەن.
بەڵێن بە خەڵکی خۆشەویستی ئەو شارە دەدەین وەک چۆن یەکێتییەکەتان ئەندازیار و جێبەجێکاری بەرنامەی راپەڕین بوو، ئێستاش لە جاران زیاتر لەگەڵتان دەبێت و داکۆکی لە مافەکانتان دەکات. رووبەڕووی ھەر جیاکارییەکی سیاسی و رێکخراوەیی دەبینەوە کە ماف لە خەڵکی ھەولێر و هەر شوێنێکی تری کوردستان زەوت بکات. ئەمە بەڵێنی ئێمەیە و خەباتی ئێوەیە لەپێناو ئەم حزبە تێکۆشەرە لە یاد ناکەین.
درود بۆ رۆحی شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەھیدانی کوردستان
سڵاو لە خۆڕاگری و ئازایەتی ھەولێر و ھەولێرییەکان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
١١ی ئاداری ٢٠٢٢