
توركیا ئۆپەراسیۆنێكی تری لە دژی “پەكەكە” دەستپێكرد و چەندین هێرشی ئاسمانی و وشكانی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا ئەنجامدا و پەكەكەش ئاشكرای كردووە، رێگەیان لە پێشڕەوی هێزەكانی توركیا كردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 18ی نیسانی 2022، سوپای توركیا دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی دژی پەكەكە راگەیاند و خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوەداوە، ئۆپەراسیۆنەكەیان لە ناوچەكانی “مەتین، زاپ و ئاڤەشین” لە باشووری كوردستان دەستیپێكردووە و ئەو ئامانجەی لە قۆناغی یەكەمدا دیاری كرابوو بەدەستهاتووە.
لەلایەكی ترەوە ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل”هەپەگە” كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە بڵاویكردووەتەوە، سوپای توركیا بە فڕۆكەی جەنگی و تۆپخانەكانی هێرشێكی چڕیان لە ئاسمان و زەوییەوە بۆ سەر ناوچەی زاپ دەستپێكردووە و هێزی دابەزاندووە و شەڕ و پێكدادان دەستیپێكردووە، بەڵام رێگەیان نەداوە هێزەكەی سوپای توركیا پێشڕەوی بكەن.
جەخت لەوەش كراوەتەوە، لە ئەنجامی شەڕ و پێكدادانەكەدا 8 سەربازی توركیایان كوشتووە.
