
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: چارەسەر بەزمانی چەك دەمێكە بەسەرچوە.
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی توركیا رایگەیاندوە، بەردەوامبونی ئۆپراسیۆنە سەربازیەكانی توركیا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستانی عیراق، پێشێلكردنێكی زەقی سەروەری خاك و ئاسمانی عیراقە بەبیانوی بونی هێزەكانی پەكەكە، هەروا دژی پرەنسیپەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دراوسێیەتی نێوان عیراق و توركیاشە.
هەرێم كەمال ئاغا راشیگەیاندوە، پێویستە دەسەڵاتدارانی توركیا بیر لەچارەسەری دیموكراتیانەی بنەڕەتی كێشەی مێژویی كورد بكەنەوە، چونكە ئۆپراسیۆنەكانی رابردوش سەلماندویانە زمانی چەك كێشە ناوخۆییەكانی توركیا چارەسەر ناكات، بەڵكو قوڵتری دەكاتەوەو چارەسەری كێشەی كورد لەتوركیا بەئۆپراسیۆنی سەربازی و پێشێلكردنكردنی سەروەری وڵاتان چارەسەر نابێت، بەڵكو پێویستی بەگفتوگۆ و لێكتێگەیشتن هەیە، بۆیە بەردەوامبونی جەنگ لە توركیا جگە رشتنی خوێنێكی زۆر و داتەپینی ئابوریەكەی، كێشەی كوردیشی لەكێشەیەكی ناوخۆیی كردۆتە كێشەی وڵاتانی ئەوروپاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش.
