
خۆپیشاندانی خۆبەخشانی كەرتی تەندروستی لە سلێمانی بۆ رۆژی سێیەم بەردەوامە و باس لەوە دەكەن، ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكانیان دەگۆڕن و شەقامێكی سەرەكی دادەخەن، بەردەوامیش دەبن تاوەكو وەڵامیان دەدرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ی 4ی 2022، خۆپیشاندانی خۆبەخشانی تەندروستی لە شاری سلێمانی بەردەوامە و بەنیازن شەقامێكی سەرەكی لەناو شاردا دابخەن و جەخت لەوە دەكەنەوە، نیگەرانن لەوەی كە لە شارەكانی وەك زاخۆ و دهۆك بەنهێنی دامەزراندن هەیە بەڵام لە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە نییە و جیاكاری دەكرێت.
ئەو خۆبەخشانە هێما بۆ ئەوە دەكەن، ئەگەر ئەوان نەبن ئەوا 50%ی كەرتی تەندروستی پەكی دەكەوێت، كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستی كراوە و دوای 7 كاتژمێر كۆبوونەوە تەنها ئەوەیان وتووە كە لە ئەنجومەنی وەزیران كۆبونەوە لەسەر گرفتەكە دەكرێت.
خۆبەخشانی تەندروستی سلێمانی كە نزیكەی 5 هەزار كەسن، بۆ چەندین جارە خۆپیشاندان دەكەن و داوای دامەزراندن دەكەن، دوای بڵاوبوونەوەی ئەوەی كە لە زاخۆ و دهۆك 100 خۆبەخش بەنهێنی دامەزراون، خۆپیشاندانەكان چڕتر بوونەتەوە.

