رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە دیاردەی كەمبوونەوەی پشكنینەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا دەدات و جەخت لەوە دەكاتەوە، بەهۆی ئەوەوە جیهان بێئاگا دەبێت لە گۆڕانكاری مەترسیداری ڤایرۆسەكە.
لەو بارەیەوە تیدروس ئەدهانۆم سەرۆكی رێكخراوەكە بە رۆژنامەنوسانی وتووە، هەفتەی رابردوو رێكخراوەكە ئاگادار كراوەتەوە لەوەی كە زیاتر لە 15 هەزار گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا هەبووە، ئەوەش كەمترین ژمارەیە لە مانگی سێی ساڵی 2020ەوە تۆمار كراوە.
وتوشیەتی، پێشوازی لەو رێژەیە دەكەن بەڵام هۆشداریش دەدەن لە كەمبوونەوەی ژمارەكان، كە لەوانەیە بەهۆی ئەوەوەبن كە رێژەی پشكنینەكانی كۆرۆنا زۆر كەمبوونەتەوە.
سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی بێئاگابن لە رێچكەی گواستنەوە و گەشەی ڤایرۆسەكە، كاتێك بابەتەكە پەیوەندی بە ڤایرۆسەوە هەیە، نەزانین نیعمەت نییە.