
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەدات، ئەو دۆخە داراییەی بەسەر سلێمانیدا سەپێنراوە پرسێكی سیاسییە، هەڵەكان راست دەكەنەوە و كۆتایی بەجیاكاری و پاوانخوازی دەهێنن و جیاكاری لەنێوان شارەكان قبوڵ ناكەن.
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ نوێنەری كاسبكاران و خاوەنكار و پیشەوەرانی سلێمانی وتویەتی، ئەو دۆخە داراییەی بەسەر سلێمانیدا سەپێنراوە پرسێكی سیاسییە و لەبەرامبەر هەوڵەكانی یەكێتی و هێز و لایەنە سیاسییەكانی ترە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و رێگریكردن لە بەهەدەردانی سامانی نەوت و راستكردنەوەی هەڵەكانی حوكمڕانی بەكاردەهێنرێت.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، یەكێتی خۆی بەخاوەنی ئەم ئەزمونە دەزانێت، هەڵەكان راست دەكەنەوە و كۆتایی بە جیاكاری و پاوانخوازی دەهێنن.
بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوەش كردووەتەوە، سەردەمی دروشم كۆتاییهاتووە و دەبێت حكومەت بەكردار خزمەتی خەڵك بكات، جیاكاری لەنێوان شارەكان قبوڵ ناكەن و هەموو خەڵكی خۆشەویستی كوردستان مافی ئەوەیان هەیە لە خێروبێری خاكەكەمان سودمەندبن.
