
شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند توانیومانە بەشێكی زۆر لە گرژیەكانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق چارەسەربكەین.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێم لەوتارێكدا لە میانەی ئاهەنگی دەرچونی خولی 27ی كۆلێژی سەربازی زاخۆ رایگەیاند، “ئێمە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر پشكی وەزارەتی پێشمەرگە لە كۆلێژ و زانكۆ سەربازییەكان رێككەوتوین، بۆ یەكەمجاریش پشكی كورد لە زانكۆی نیشتیمانی عێراق دیاریكراوە”.
وتیشی:”بۆ ئەوەی ململانێ سیاسی و حزبی كار لەسەر ئاراستەی كارەكانی وەزارەتی پێشمەرگە نەكات لیژنەیەك راسپێردراوە بۆ دیاریكردنی مەرجەعیەتی سەربازی كە یاسا و رێسا و و دیپلینە سەربازییەكانە”.
ئاشكراشیكرد،”بۆ یەكەمجار لیستێكی 830 كەسی رەوانەی خانەنشینی كراون، گۆڕانكاریی لە نزیكەی 100 پۆستی باڵا كراوە و بەردەوامیش دەبێت، ئەمەش وەك بەشێك لەپلانی چاكسازی، داوای دامەزراندنمان كردوە بەمەبەستی پێگەیاندنی خوێنی نوێ، بەتەواوی بە لیستی خانەنشینی و كەمئەندامان چوینەتەوە كەسانی شایستە و ناشایستە جیاكراونەتەوە،گەر دەستتێوەردانی حزبیش نەبێت دەتوانین كاری گەورەتر بكەین. “
ئاماژەی بەوەشكرد،” هاوكات لەگەڵ لە چاكسازی لە ریزەكانی پێشمەرگەدا توانیومانە بەشێكی زۆر لە گرژیەكانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق چارەسەربكەین، بۆیە لە ئێستادا دەتوانم بڵێم متمانەیەكی باش لەنێوانماندا هەیە، گەر لیوای 20 یش بڕیاری لێبدرایە لە ناوچە بۆشاییە ئەمنییەكان، داعش نەیدەتوانی بە دڵی خۆیان تەراتێنی تێدا بكەن.”
جەختی لەوەشكردەوە،”دەبێت هەنگاوەكانمان خێراتر بكەین لە دروستكردنی هێزێكی یەكگرتو، چونكە بەبێ ئەمە ئاستەمە باس لە قەوارەیەكی بەهێز بكرێت لە هەرێم لە ئێستا و داهاتودا.”
دوای چەند رۆژێك لەبەڕێوەچونی ئاهەنگی دەرچونی دەرچوانی كۆلێژی سەربازی پێشمەرگە، ئەمڕۆ ئاهەنگی خولی 27ی كۆلێژی سەربازی زاخۆ بەڕێوەچو، كە تێیدا 499 خوێندكار بە پلەی مولازم دەرچون.

