
مەسعود حەیدەر راوێژكاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كودستان دەڵێت، ئەوان وەك سەرۆكی یەكێتی مامەڵە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدا دەكەن، جەخت لەوەش دەكاتەوە كە رێبەر ئەحمەد بەربژێری سەرۆك كۆمارە.
مەسعود حەیدەر لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوە كردووە، پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی ئەرێنین، پارتی وەكو سەرۆكی یەكێتی مامەڵە لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانیدا دەكات و هەر بڕیارێك یەكێتی لەبارەی حزبەكەیەوە بیدات ئەوان رێزی لێدەگرن.
سەبارەت بە پرسی پێكهێنانی حكومەتی عیراق و هاوپەیمانیەكەیان لەگەڵ سەدر و بەشێك لە سونەكان وتویەتی، بەبێ هاوپەیمانی سێقۆڵی هیچ لایەنێك ناتوانێت هیچ شتێك لەناو پەرلەمان بكات چونكە 175 كورسی هەیە، بە بەشێك لە سەربەخۆكانیشەوە رەنگە بچێتە 210 ئەندامیش.
هەرچی سەبارەت بە پرسی سەرۆك كۆمارە رونیكردووەتەوە، رێبەر ئەحمەد بەربژێری پۆستی سەرۆككۆمارە، لە دوای ئەوە دەتواندرێت هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی گفتوگۆ لەسەر وردەكارییەكان بكەن، ئەمەش دەبێتە بڕیارێكی سیاسی، مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوانە هەڵدەسەنگێنێت بە چ ئاراستەیەك بڕیار بدات.

