پزیشكێكی پسپۆڕی هەناوی دەڵێت، هەرچەند كۆلێرا نەخۆشیەكی ترسناكە بەڵام چارەسەركردنی ئاسانە و نەخۆشەكان بە بەكارهێنانی چارەسەری پێویست زوو چاكدەبنەوە.
دكتۆر داهات حەوێزی پزیشكی پسپۆڕی هەناوی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی، هەرچەندە كۆلێرا نەخۆشیەكی ترسناكە بەڵام لە هەمان كاتدا نەخۆشییەكە كە چارەسەركردنی ئاسانە و زۆربەی نەخۆشەكان بەبەكارهێنانی مغەزی و چارەسەری پێویست زوو چاك ئەبنەوە و هیچ كێشەیەكی تەندروستیان بۆ دروست نابێت.
رونیشیكردووەتەوە، ئەو كەسانەی كە تووشی سكچونێكی زۆر دەبن بەتایبەتی ئەوانەی رشانەوەیان لەگەڵدایە، ئەوانەی نەخۆشی شەكرە و سستی گورچیلە و زەختیان هەیە و كەسانی بەساڵاچوو و مناڵان مەترسیان زیاتر لەسەرە و پێویست دەكات زوو سەردانی نەخۆشخانە بكەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر، ئەگەرنا تووشی كێشەی گەورە دەبن.
سەبارەت بەو كێشانەی تووشی دەبن ئەو پزیشكە باسی لەوە كردووە، وشكبونەوەی جەستە و شەكەتی ماندووبونی زۆر، دابەزینی زەخت و شەكرەی خوێن و بورانەوە و لەهۆشخۆچوون، سست بوون و لەكاركەوتنی گورچیلە، هەروەها دابەزینی كانزاكان و خوێیەكانی لەش وەكو پۆتاسیۆم و سودیۆم و كالسیۆم، ئەمانەش ئەبنە هۆی گرژبوون و ئیفلیجبوونی ماسولكەكان و گەشكە و تێكچوونی كارەبایی دڵ و تەنانەت وەستانی دڵ.