
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت لیژنەتایبەتەكانی پەرلەمان لەهەوڵەكانیان بۆ گەڕانەوەی ماف و شایستە داراییەكانی فەرمانبەران بەردەوامن، بەتایبەتی بابەتی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران.
ئاماژەبەوەش دەكات بەهۆی زیادبوونی داهات و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، كاتی ئەوە هاتووە داواكاری مووچەخۆران و چین و توێژەكان جێبەجێ بكرێت، تەئكیدیشیكردەوە بۆ ئەو مەبەستە یاداشتیكیان ئاراسیەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە.
رۆژان شەهید حەمەڕەش ئەندامی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند : پرسی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان، یەكێكە لەو بابەتانەی بەردەوام لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان جەختی لەسەر كراوەتەوە، تاكو هەرچی زووە ئەو مافە بۆ فەرمانبەران بگەڕێتەوە.
وتیشی: دیارە هۆكاری راگرتنی پڕۆسەی بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران و زیادكردنی موچەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بۆ قەیرانی دارایی و نەبوونی پارە گەڕاندۆتەوە، بەڵام ئێستا بارودۆخە بەشێوەیەكی ترە و نرخی نەوت بەرزە، كە بەهۆیەوە داهات زیادیكردووە و تاڕادەیەكی باش قەیرانمان تێپەڕاندوووە.
راشیگەیاند: جگە لە پرسی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، ئێمەوەك پەرلەمانتاران جەختمان لە جێبەجێكردنی داواكاری فەرمانبەرانی گرێبەست و خۆبەخشەكان و سێ یەكەمەكانی زانكۆ و رەخساندنی هەلی كار و پرۆژەی خانەنشینی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆشمان كردۆتەوە .
ئەو پەرلەمانتارە تەئكیدیكردەوە ئەوان وەك پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەكان بەردەوام دەبن لەبەدواداچونی ئەو داواكارییانەو گەڕانەوەی مافی فەرمانبەران و هاوڵاتیان بەگشتی، لەو پێناوەش یاداشتمان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، تاكو ئەوانیش حكومەت ئاگەدار بكەوەو لەكاتی پێویست وەزیرەكان بانگهێشتی پەرلەمان بكەن.


