دەزگاكانی راگەیاندنی ژاپۆن ئاشكرایان كرد، هۆكاری كوشتنی شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە بەهۆی ئەوەوە بووە، كە بكوژ پێی وابوو ناوبراو سەربە رێكخراوێكی ئایینی بووە كە بەرپرس بووە لە تێكچوونی ژیانی خێزانەكەیان.
ئاژانسی كیدۆی ژاپۆنی بڵاویكردووەتەوە، باوكی “تیتسۆیا یاماگامی” بكوژەكەی “شینزۆ ئابی” سەربە كڵێسەیەكی یەكتاپەرستی سەربە رێكخراوی”سۆن مینۆگ مون” بووە و ئەوەش هۆكاری پشت كوشتنی ناوبراو بووە.
ئاژانسەكە لەزاری بكوژەكەوە بڵاویكردووەتەوە، دایكی پەلكێشی ئەو رێكخراوە كراوە و پارەیەكی زۆری داوە بە رێكخراوە ئاینییەكە، ئەوەش هۆكاری تێكچوون و خراپبوونی ژیانی خێزانەكەیان بووە، پێی وایە كە “ئابی” پەیوەندی بەو رێكخراوەوە هەبووە.
لای خۆشیەوە كەناڵی “NHK” بڵاویكردووەتەوە، تیتسویا كە تەمەنی 41 ساڵە باسی لەوە كردووە، بەكوشتنی سەرۆك وەزیرانی پێشووی وڵاتەكەی ویستوویەتی نامەیەك ئاڕاستەی رێكخراوە ئاینییەكە بكات.