
جۆ بایدن سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پاڵپشتی خۆی بۆ عیراقێكی سەقامگیر و یەكگرتوو و گەشەكردوو و خاوەن سەروەری پیشاندا، بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
دوای كۆبونەوەی جۆ بایدن و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە سعودیە بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دەركرد و لە بەشێكیدا هاتووە، جەخت لەسەر گرنگی پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ كراوەتەوە بە شێوەیەك كە وەڵامی ئیرادەی گەلی عیراق بداتەوە و رێزی دیموكراتی و سەربەخۆیی عیراق بگیرێت.
ئەوەش هاتووە، بایدن جەختی لەوە كردووەتەوە كە بوونی عیراقێكی سەقامگیر و یەكگرتوو و پێشكەوتوو و خاوەن سەروەری بە هەرێمی كوردستانیشەوە بۆ ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گرنگە.
بەپێی بەیاننامە هاوبەشەكە، هەردولا جەختیان لە ئابورییەكی بەهێز و گەشەكردوو و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و گەشەپێدانی بەردەوامی سەرچاوەكانی ناوچەكە و چاككردنی كاریگەرییەكانی گۆڕانكاریی ژینگەیی و گەشەپێدانی كەرتی وزە و چاكسازی ئابوریی كردووەتەوە.


