دەستەی كەشناسی عیراق بڵاویكردەوە، عیراق دەكەوێتە ژێر كاریگەریی گەرمای چلەی هاوینەوە.
عامر ئەلجابری بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی كەشناسی عیراق رایگەیاندوە، هیچ پێوەرێكیان نییە كە لەم كاتەدا باران ببارێت و كەشی وڵات لەبار نییە بۆ بارانبارین بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماو قەتیس بونی گەرمیەوە.
راشیگەیاندوە، وڵات دەكەوێتە ناو حاڵەتی گەرمای لە رادەبەدەر (چلە)و هەندێك كاتیش لەهەندێك ناوچەی وەك پارێزگای بەسرە شێ بەرزدەبێتەوە، ئەم حاڵەتەی عیراقی تێدەكەوێت پاڵدەنێت بەو خشۆك و مێروانەی كە لەژێر زەوی دەژین بێنە دەرەوە.
لەبارەی كەشوهەوای رۆژی سێشەممە 26-7ـەوە جابری رایگەیاندوە، خێرایی با 30 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا دەبێت و تۆزو خۆڵی لەگەڵدایەو بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماش ناوچەكانی ناوەڕاست دەگرێتەوە.
ئاماژەشیكردوە، تائێستا پێوەرەكانی كەشناسی هیچ ئاماژەیەكیان بۆ شەپۆلی خۆڵبارین دیارینەكردوە تەنها تۆزو خۆڵ لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشور دەبێت.