
بەرپرسی نوسینگەی رفێنراوانی كوردی ئێزدی ئاشكرایكرد، هەوڵەكان بۆ رزگاكردنی هاووڵاتیانی ئێزدی بەردەوامن و پێدەچێت هێشتا بەشێك لەو هاووڵاتییە ئێزدییانەی داعش رفاندونی لەشاری موسڵ و دەوروبەری مابن.
حسێن قائیدی بەرپرسی نوسینگەی رفێنراوانی ئێزدی بەماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە: لەسەرەتای هێرشەكانی داعشەوە بۆ سەر شنگال و ناوچەكانی دیكە 6 هەزار و 417 هاووڵاتی سڤیلی كوردی ئێزدی كەوتونەتە دەست چەكدارانی داعشەوە و رفێنراون، دوای دامەزراندنی نوسینگەی رفێنراون تائێستا توانیومانە لەو ژمارەیە 3 هەزارو 554 كەسیان رزگار بكەین و ئەوانی دیكەش هێشتا ماون و رزگار نەكراون.
بەرپرسی نوسینگەی رفێنراوان وتوشیەتی: هێشتا ژمارەیەكی زۆری ژن و پیاو و منداڵ لە دەست تیرۆریستانی داعشدا ماون، ژمارەیەك دۆسیەمان كردۆتەوە لەبارەی شوێنی رفێنراوانەوە، لەوانەش بەشێكیان كوردی ئێزدین لە موسڵ و دەوروبەری لەنێو خێزانەكانی داعشدان، چونكە پێشتر موسڵ لەژێر كۆنترۆڵی ئەواندا بوە، هەروەها بەشێكی دیكە بۆ رۆژئاوا رفێنراون و لەنێو ئەو خێزانانەدان كە پێشتر سەر بە داعش بون و لەنێو كەمپی هۆل و شوێنی دیكەدان.

