
لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبەش بۆ كێوماڵكردنی چەند ناوچەیەك لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەو بەرگری عیراقەوە لەسنوری خورماتو، بەرپرسێكی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت: ئۆپراسیۆنەكان بەردەوامیان دەبێت.
پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: ئۆپراسیۆنەكە بەپشتبەستن بەسەرچاوەی زانیارییە هەواڵگرییەكان بوەو قۆناغی پێنجەمی ئیرادەی پۆڵایینیان ئەنجامداوە، لەوبارەیەوە عەمید عادل جەباری نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە: هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراق بەردەوامی دەبێت بۆ بەرەنگاربونەوەی چەكدارانی داعش، پێش بەڕێوەچونی هەر ئۆپراسیۆنێك كۆبونەوە لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عیراق دەكرێت، پێشتریش ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجامدراوە بۆ ئەو ناوچانەی چەكدارانی داعش بەكاری دەهێنن و بەناوچەی جێی بایەخ ناسراون لەڕووی سەربازیەوە.
جەباری وتوشیەتی: تا ئەو كاتەی دوو لیوای هاوبەش بۆ ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی هەیە دروستدەكرێت، بەڕێوەچونی ئۆپراسیۆن بەردەوامی دەبێت، تا تیرۆریستان نەتوانن جموجوڵ بكەن، لەهەر شوێنێك بزانین دەستی بەجوڵە كردوە ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجامدەدەین و رێگە نادەین بەهێز ببنەوە.


