
ئاری كاكەشین بەڕێوەبەری سوتەمەنی هەولێر رایگەیاند، سزای سەر بەنزینخانەكان قورستر دەكرێت ئەگەر بەنزینی خراپ بفرۆشن و لەمەودوا سزاكەیان داخستن دەبێت.
ئاری كاكەشین لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، هەندێك بەنزینخانە چەند جارێك سزادراون و بۆ ماوەیەكیش داخراون، بەڵام هەرپابەند نابن و جارێكی دیكە بەنزینی خراپ دەفرۆشن و هەیە چەندین جار سزا دراون.
رونیشیكردووەتەوە، داوایان لە قایمقامیەت كردووە كە پێویستە لەمەودوا رێكاری توندتر بگرنەبەر بۆ ئەوەی سزای قورستریان بدەن، بۆیە لەسەرەتای مانگی داهاتوو ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی خراپ بفرۆشن بەیەكجاری دادەخرێن.
بەڕێوەبەری سوتەمەنی هەولێر هێمای بۆ ئەوەش كردووە، حكومەت خۆی ئێستا كوالێتی ئەو بەنزینەی دابەشی دەكات زۆر باش كردووە كە نرخەكەی 800 دینارە، بۆیە ناكرێت بەنزینخانەكان بەنزینی خراپ بفرۆشن.


