
. مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری كورد رایگەیاند، ئێرانیش وەك توركیا دەكات و دەڵێت، هێرش دەكاتە سەر حزبە كوردییە ئێرانییەكانی ناو هەرێم، پێشی وایە بەشێك لەو حزبانە رۆڵیان لە خۆپیشاندانەكانی ئەو وڵاتە هەیە.
د. مەحمود عوسمان لەدیدارێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا وتویەتی، ئێرانیش وەك توركیا دەكات كە دەڵێت لە حزبە كوردییە ئێرانییەكانی ناو هەرێم دەدات، چونكە چەندین جار داوایان لە هەرێمی كوردستان كردوە لێی نەداون، بەڵام خۆ ئەوانەش پەناهەندەن لە هەرێم بەشێوەیەكی فەرمی و UN دەزانێت و هەموو جیهان دەزانێت شتێكی خراپیان نەكردوە لەبەرئەوە ئێران مافی نییە ئەو شتانە بكات.
وتوشیەتی، بێگومان بەشێك لە حزبەكانی كوردستانی ئێران لەوانە حزبی دیموكرات و كۆمەڵە ئەوانیش لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی ئێران ڕۆڵیان هەیە، داواشیان لە خەڵكەكە كردوە كە دژی رژێم خۆپیشاندان بكەن، وەكو تەواوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئەو داواكارییە هەیە.
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد باسی لەوەشكردووە، هەماهەنگی لە نێوان ئێران و توركیا هەمیشە هەبووە ئەگەر هەر ناكۆكیەكیشیان هەبێت، بەڵام لەسەر كێشەی كورد ناكۆك نین، ئێران و توركیا بزوتنەوەی كورد بە مەترسی لەسەر خۆیان دەزانن.

