
بومەلەرزەیەكی بەهێز سنوری هەرسێ وڵاتی ئێران و ئازەربایجان و ئەرمینیای هەژاند و بەپێی زانیاریەكانیش، دەیان كەس لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆیەوە بریندار بوون.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە، بەپێی زانیاریەكانی ناوەندی “جی ئێف زێد”ی ئەڵمانی بۆ توێژینەوەكانی زانستی جیۆلۆجی، بومەلەرزەیەك بە گوڕی 5.5 پلە بە پێوەری رێختەر سنوری “ئێران، ئازەربایجان و ئەرمینیا”ی هەژاندووە، دەستەی جیۆلۆجی ئەمریكش بڵاویكردووەتەوە، گوڕەكەی 5.7 پلە و قوڵاییەكەی 10 كیلۆمەتر بووە.
لەلایەكی ترەوە، كاربەدەستانی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرایان كردووە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بومەلەرزەیەك لە پارێزگاكەیانی داوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 230 كەس بریندار بوون، هەروەها زەرەر و زیانێكی ماددی زۆریشی لێكەوتووەتەوە.
لای خۆشیەوە ناوەندی تۆماركردنی بوومەلەرزەی ئێران رایگەیاندووە، دوای بومەلەرزەكە كە كاتژمێر 3:51 خولەك رویداوە، تاوەكو كاتژمێر 7ی بەیانی، نزیكەی 20 بومەلەرزەی بچوكی دیكە لە ناوچەكەدا رویانداوە.

