
كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیاندنی ناوی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی وتاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆتاییهات.
مەسعود بارزانی لە كۆتایی 14 هەمین كۆنگرەی حزبەكەیدا وتارێكی پێشكەشكردو رایگەیاند، بە سەركەوتویی كۆنگرەی حزبەكەمان بەڕێوەچو، سوپاس بۆ ئەندامانی كۆمسیۆن و دادوەران كە چاودێری هەڵبژاردنەكانیان كردو ئەوان شاهیدی شەفافیەت بون، وانەیەكما لە چۆنێتی بەڕێوەچونی دەنگدانی ئەلكترۆنی وەرگرت كاتێك كێشەی بۆ دروستكردین.
بارزانی وتیشی: ئێستا كاتی هیمەتەو خزمەتی پارتەكەتان و گەلی كوردستان بكەن، هەمومان سەركەوتین ئەم سەركەوتنە هی هەمومانە، كەسمان لێ زیاد نیەو هەموو بەدڵێكی خۆش و فراوانەوە بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆتان.
مەسعود بارزانی لەبەشێكی تری قسەكانیدا وتی: هەندێك لایەن ژوری ئۆپراسیۆنیان دروستكردبوو نازانم ئێستاش ماون یان نا ئەوان بەتەمای ئەوەبون پارتی لەت لەت بێت هەر یەكێكیان پارچەیەكی بەرن، نازانم جارێكی تر چۆن سەرەخۆشیان لێبكەم.
سەرۆكی پارتی وتیشی: جارێكی تر بەبیرتان دەهێنمەوە كە وەسێتی كۆچكردوو مەلا مستەفا بارزانی بۆ من و كۆچكردوو ئیدریسی برای گەورەم كردی بەدڵ و بەگیان جێبەجێمان كرد، كاتێك نێچیرڤان بارزانی داوای پێشنیاری كرد مەسرور بارزانی ببێتە جێگر هەمان وەسێتی مەلا مستەفایان جێبەجێكرد، منیش داویان لێدەكەم بە هەمان شێوەبن.
لەكۆتایی وتارەكەیدا مەسعود بارزانی داوای لە ئەندامانی كۆنگرە كرد دەسەڵاتی پێبدەن بۆئەوەی كێشەیەك هەیە چارەسەری بكات ئەویش نەبونی هیچ ئەندامێكە لە پێكهاتەی ئێزدی و بەكۆی دەنگ ئەندامان دەسەڵاتیان پێدا.


