
واژۆ
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بریتین لە كێشەی دارایی، پرسی ئەمنی و دەستوەردان لە كاروباری یەكتری، ئەمانە گرێ كوێرەن لەبەردەم كۆبوونەوەكانی داهاتووی نێوان هەردولا، بۆ ئەمە رێككەوتنێكی دیكە واژۆ دەكرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە لە گفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنیدا وتی، لە سێ هەفتەی ساڵی رابردوودا، گرژییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی خاوبوونەوە، خەریكە پەرلەمانی كوردستان زەمینە خۆش بكات بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی نائاسایی و دانیشتن لەبارەی تەواوكردنی تیمی حكومەت و ئەو گۆڕانكارییانەی كە هەردوولا لەسەری رێككەوتوون.
باسی لەوەش كردووە، لە چەند رۆژی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی نائاسایی لەبارەی گۆڕانكارییەكانی تیمی یەكێتی لە حكومەت ئەنجام دەدات، دەنگۆی ئەوە هەیە یەكێتی بەشداری لەو تیمەی دانوستان بكات كە بۆ پرسی بودجە دەچنە بەغدا.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی یەكێتی، كێشەكانی نێوان هەردولا كێشەكان بریتین لە كێشەی دارایی، پرسی ئەمنی و دەستوەردان لە كاروباری یەكتری، ئەمانە گرێ كوێرەن لەبەردەم كۆبوونەوەكانی داهاتووی نێوان پارتی و یەكێتی، بۆ ئەمە رێككەوتنێكی دیكە واژۆ دەكرێت، تاوەكو بۆ چەند ساڵی دیكەی ئایندە كاری پێبكرێت و پێداچوونەش بە رێككەوتننامەكانی پێشوو بكرێت، بەڵام ناوی رێككەوتنەكە چی دەبێت ئەوە نازانێت.


