
واژۆ
نەوزاد غەفور جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاشكرای كرد، بڕیارەكەی حكومەتی عیراق بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار، كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی شمەك و كاڵا و ماددە خۆراكییەكان دەبێت.
نەوزاد غەفور لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی، بڕیارەكەی حكومەتی عیراق دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی شمەك و كاڵا و بە تایبەت ماددە خۆراكییەكان، ئەو هەنگاوەی حكومەتی عیراق تایبەت بە حەواڵە و بە ئەلیكترۆنیكردنی دەیگرێتەبەر كاریگەری لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دەبێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، دابەزاندنی شمەك و ماددە خۆراكییەكان دەكەوێتە سەر ئەو شێواز و كاتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی حكومەتی عیراق كە بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی دەریكردووە.
لەماوەی رابردودا نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوویەوە و 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 174 هەزار دینار، بەڵام بەهۆی هەواڵەكانی تایبەت بە رێكەوتنی بانكی فیدراڵی ئەمریكا و بانكی ناوەندی عیراق بۆ خستنەڕووی دۆلاری زیاتر، لە چەند رۆژی رابردودا دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی و لە ئێستادا لە 100 دۆلار گەیشتووەتە خوار 150 هەزار دینار.


