واژۆ
وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم لە رونكردنەوەیەكدا رەتیكردەوە نەوتی هەرێم لە رێگەی تانكەرەوە بە قاچاغ بفرۆشرێت بە ئیسرائیل.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڵاویكردۆتەوە، لەم چەند رۆژەی دواییدا چەند كەسێك لەدەزگا میدیا عیراقییەكانەوە بانگەوازی ئەوە دەكەن گوایە نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی تانكەرەوە بەقاچاغ دەبرێتە دەرەوەو بە وڵاتی ئیسرائیل دەفرۆشرێت، ئێمە لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەتوندی ئەم بانگەوازە چەواشەكارییانە رەتدەكەینەوەو بە هەوڵی ناحەزانی سەقامگیری و رێكەوتنی نێوان عیراق و كوردستان هەژماری دەكەین.
ئاماژەشیكردوە، هەموو ئەم لێدوان و بانگەوازانە هیچ بنەماو راستییەكی تێدا نیە، لەكاتێكیشدایە هەردو حكومەتی هەرێم و عیراق سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانن، ئەم بانگەوازە چەواشەكارییانە تەنها ئامانج لێی تێكدانی ئەو هەلە زێڕینەیە كە لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق رەخساوە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان.
وەزارەتی سامانی سروشتییەكان دوپاتیشیكردۆتەوە، نەوتی هەرێم بە تەواوی لە رێگای بۆری و لە ژێر وردبینی كۆمپانیای بێلایەنی (دیلۆیتی) نێودەوڵەتی هەناردە دەكرێت و هەموو كاتێك رێز لە دەستوری عیراقی فیدراڵ و یاساكان دەگرێت.