
واژۆ
سەدان كچە خوێندكار لە خوێندنگاكانی سەرتاسەری ئێراندا ژەهراوی بوون و عەلی خامنەئی رێبەری باڵای شۆڕشی ئێران دەڵێت، ئەو تاوانە مایەی لێخۆشبوون نییە.
بەپێی زانیاریەكانی میدیاكانی ئێران، لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە سەدان كچە خوێندكار ژەهراویبوون و گواستراونەتەوە نەخۆشخانەكان، بەپێی لێكۆڵینەوەكانیش ژەهراویبوونەكە دەستی لە پشتە.
ئەوەش هاتووە، عەلی خامنەئی رێبەری باڵای شۆڕشی ئەو وڵاتە بە میدیاكانی وتووە كە دەسەڵاتداران لە بەدواداچوونەكانیان بەردەوامن و ئەو تاوانە مایەی لێخۆشبوون نییە، پێویستە ئەنجامدەرانی بە توندی سزا بدرێن.
بەپێی زانیاریەكانی، لە مانگی 11ی ساڵی رابردووە ژەهراویبوونی كچە خوێندكارانی ئێران سەریهەڵداوە و هەندێك پێیان وایە گروپی ئایینی لەپشتە كە دژی خوێندنی كچانن، ئەو كارەش لە شاری قوم لە ناوەڕاستی ئێران دەستی پێكردووە و تاوەكو ئێستا لە كۆی 31 هەرێم لە 25یان رویداوە.
بەهۆی ئەو كارەشەوە هەندێك لە باوكان رێگەنادەن كچەكانیان بچنەوە قوتابخانە و خۆپیشاندان و گردبوونەوە دژی دامەزراوەكانی ئێران لە چەندین ناوچە ئەنجامدراوە.