
عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لەم هاوینە یەك بەرمیل نەوتی سپی ماڵان بە 240 هەزار دینارە، ئەی لە زستاندا دەبێتە چەند؟، داواش دەكات لە ئێستاوە دەست بە دابەشكردنی نەوت بكرێت.
عومەر گوڵپی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی، دابەشكردنی نەوت بەسەر ماڵاندا بەنرخی گونجاو و پاڵپشتیكراو بووەتە پێویستیەكی حەتمی، چونكە زۆرینەی خەڵك نەوت بۆ گەرمكردنەوە بەكاردەهێنن، لە ساڵی رابردوو حكومەت ئەو بەڵێنەی نەبردە سەر كە بڕیاریدابوو هەموو ماڵێك بەرمیلێك نەوتی پێبدات.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، داوایان لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كرد بەرنامەی خۆی روون بكاتەوە بۆ زستانی ئەمساڵ، هەرێمی كوردستان نەوتی خاوی هەیە و پاڵاوگەی پێویستیش هەیە بۆ پاڵاوتنی، نرخی نەوتیش هێندە بەرزە پێویست ناكات هەمووی بفرۆشرێت، تەنانەت ئەگەر پێویستیش بكات،ئەوە پێویستی ناوخۆ بۆ نەوت و بەنزین و غاز لە پێشترە و پێویستە حكومەت بەرنامەی هەبێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ لە سوتەمەنی.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەش كردووەتەوە، بۆ ئەو كارەش پێویستە لە ئێستەوە حكومەت دەست بە دابەشكردنی نەوت بكات، ئەگەرنا ناتوانێت لەكاتی پێویستی سەرما نەوت بگەیەنێتە هەموو ماڵێك، ئەمە بێجگە لەوەی سەرمای زستان و بەرزبونەوەی نرخی نەوت ئەگەری بڕینی دارو شێواندنی ژینگە زیاتر دەكات كە باجەكەی لە ساڵانی داهاتوو قورستر دەبێت.


