
واژۆ
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: هیوادارم ساڵی نوێ ساڵی خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن و گەشەپێدانی زیاتری كوردستان بێت.
لە پەیامێكدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، پیرۆزبایی لە گشت هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی پێشمەرگەو هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و بنەماڵەو كەسوكاری شەهیدان، هەروەها گەلانی عیراق و جیهان دەكەم، هیوادارم ساڵی نوێ ساڵی خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن و گەشەپێدانی زیاتری كوردستان بێت.
راشیگەیاندوە، سەرەڕای سنورداری تواناكانی بەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، توانیمان بە هاوكاری كەرتی تایبەت چەندین پڕۆژەی جۆراجۆر لەشارەكانی كوردستان لە بوارەكانی رێگەوبان و كشتوكاڵی و پیشەسازی و بەدیجیتەڵكردنی خزمەتگوزارییەكان ئەنجامبدەین، ئەمە جیا لەوەی لە بواری دیپلۆماسی و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكەو ئەوروپا ساڵێكی بەرهەمدار بو.
مەسرور بارزانی راشیگەیاندوە، روبەڕوی چەندین هێرش و پەلاماریش بوینەوە لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە، فاكتەرێكی ئارامیی و سەقامگیریی بوە لەعیراق و ناوچەكەداو هیچ كاتێك مایەی هەڕەشە نەبوە بۆ هیچ لایەنێك، بۆیە هیوادارین لە ساڵی داهاتودا ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم و عیراق و ناوچەكە بەگشتی پارێزراو و جێگیر بێت و كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیش لەسەر بنەمای دەستورو بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر ببن.

