بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: حكومەتی عێراق هەنگاوی جدی نەناوە لە بەرامبەر ئەو گروپانەی هێرشدەكەنە سەر هەولێر و باس لەوەشدەكات، هاوپەیمانانیش كە لە رووی تەكنەلۆژیاوە پێشكەوتووترن دەتوانن كار بكەن بۆ رێگری لەو هێرشانە.
سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هێرشەكەی شەوی شەشی تەمووزی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر رایگەیاند: “چ لە ئێستاو چ لە رابردوو هەڵوێستی ئەمریكا ئەوەبووە كە نیگەرانن لەو رووداوانە، لە كات و شوێنی خۆی بەرپەرچی ئەو دەستدرێژیانەیان داوەتەوە، وەكو بینیمان هەفتەی رابردوو لە نزیك سووریا هێرشیان كردە سەر چەند بنكەیەك”.
باسی لەوەشكرد، “حكومەتی عێراق لە رابردوودا هیچ هەنگاوێكی نەناوە لە بەرامبەر ئەو هێزانەی لە پشتی ئەو هێرشانەوە بوونە لە كاتێدا ناسراویش بوون”.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختیشی كردەوە، كە پێویستە “حكومەتی فیدراڵی بەپلەی یەكەم زیاتر هاوكاربێت و رێكاری پێویست بگرێتەبەر بەرامبەر ئەو هێزانەی لە دەرەوەی یاسان”.
راشیگەیاند: “هاوپەیمانانیش لە رووی تەكنۆلۆژییەوە پێشكەوتوون و دەتوانن كاری خۆیان ئەنجام بدەن بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان، كە ئارامترین ناوچەی عێراقە”.