تیدروس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لەوەی، لەئێستادا مرۆڤایەتی رووبەڕووی مەترسی گەورە بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی پەتای كۆرۆنا و چەندین حاڵەتی لەناكاوی تر.
تیدروس ئەدهانۆم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە، لە راستیدا هەرگیز وەك ئێستا نەمبینیوە ئەو هەموو حاڵەتە لە ناكاوە هەبێت، لەم قۆناغەدا رووبەڕووی مەترسیەكی گەورە بووینەتەوە.
رونیشیكردووەتەوە، مرۆڤایەتی رووبەڕووی قەیرانەكانی كەشوهەوا و كارەساتی سروستی و كێشمەكێشەكان و پەتای كۆرۆناش بووەتەوە، پێویستە ئەو دەوڵەتانەی كە مەیلی دابڕانیان هەیە لە دەرەوە، هاریكاری لەگەڵ دەوڵەتانی تردا بكەن.
ماوەی نزیكەی دوو ساڵە پەتای كۆرۆنا لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە و كاریگەری كردوەتە سەر سەرجەم كایەكانی ژیان، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی رۆژ بەڕۆژ كاریگەریەكانی گۆڕانی كەشوهەوا دەردەكەون و لە چەندین وڵات زریان و لافاو و ئاگر كەوتنەوە هەزاران كەس دەكاتە قوربانی، سەرەڕای ئەمانەش كێشمەكێشە ناوخۆییەكانی چەندین وڵات مەترسی لەسەر ملیۆنان كەس دروست كردووە.