
كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە سەبارەت بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە، نامەیەكی بۆ نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەولێر، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەیان، كۆمكاری عەرەبی و ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكە كیمیاییەكان (OPCW)نارد.
ڕۆنی سەردەم، لەسەر ناوی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە، نامەیەكی بۆ نوێنەرایەتییەكانی ئەمریكا، ئەڵمانیا، فرانسە، كەنەدا، بەریتانیا، هۆڵەندا، ڕووسیا و زۆرێك لە وڵاتانی دیكە لە هەولێر و هەروەها نوێنەرایەتیی یەكێتیی ئەوروپا، ئانتۆنیۆ گوتەرێس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، كۆمكاری عەرەبی و پارتە سیاسییەكانی ناوچەكە نارد.
لە نامەكەی كەجەكەدا باس لەوەكراوە توركیا چەندین جار چەكی كیمیایی لە دژی گەریلاكانیان بەكارهێناوە داوای كرد، بێدەنگیی لە بەرامبەر بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە بشكێندرێت و ئاگادارییدا، كە ئەو هێرشانە ئاسایشی ناوچەكە تێكدەدەن، كەجەكە ڕاشیگەیاند ئەگەر ڕێگەچارەیەك نەدۆزرێتەوە لە داهاتوودا ئەنجامی مەترسیداری بۆ هەموو خەڵك هەیە.
كەجەكە سەرنجی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ لای بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو لەلایەن توركیاوە ڕاكێشا و بانگەوزیی لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد تا ئەو چەكانەی كە لەلایەن ڕێكخراوەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە قەدەغە كراون و بە ئاشكرا پێوەرەكانی پەیمانی OPCW پێشێل دەكەن؛ ڕابگرێت.
