
پارتی دیموكراتی كوردستان، 28 سكاڵا لەلای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تۆمار دەكات و دەیەوێ جیاوازیی ئەو دەنگانە ئاشكرا بكرێ، كە لە داتای خۆیان و كۆمسیۆندا هەیە.
هاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، ڕایگەیاند: وەكوو پارتی دیموكراتی كوردستان، 28 سكاڵا لەلای كۆمسیۆن تۆمار دەكەن، كە بەشێكی سكاڵاكان بۆ بازنەكانی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانییە، چونكە ئەو دەنگانەی خۆیان دەستیان خستووە و وەكوو داتا لایانە، جیاوازە لەو دەنگانەی كۆمسیۆن بڵاوی كردەوە.
ئاشكراشی كرد، كە سكاڵاكانیان لە پارێزگاكانی كەركووك و سلێمانی و هەڵەبجە و نەینەوا دەبێ.
ڕوونیشی كردەوە، كە لە ئەگەری قبووڵكردنی سكاڵاكاندا، ژمارەی كورسییەكانیان زیاد دەكا.
