
كاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەكۆكردنەوەی داهاتی نەوت، ناوخۆ و هاوكاری هاوپەیمانان حكومەت مانگانە داهاتی ترلیۆنێك و 30 ملیار دینارە، لەكاتێكدا بۆ موچە پێویستی بە 900 ملیار دینارە، 350 ملیار دینار مانگانەش لە پارەی نەوتی هەرێم دیار نامێنێت.
كاروان گەزنەیی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، دابەشكردنی موچە، كە سەرەتایی ترین مافی هاوڵاتیانە، بوەتە یەكێك لە ئاستەنگە سەرەكییەكان، لە ئێستادا بە بیانوی هاتن یان دواكەوتنی 200 ملیار دیناری مانگانە لە بەغدا، حكومەتی هەرێم هەر رۆژە و موچەی وەزارەتێك دابەش دەكات، لەراستیدا ئەمە تەنها بیانووە.
رونیشیكردووەتەوە، مانگانە داهاتی نەوت زیاتر لە 710 ملیار دینارە، داهاتی ناوخۆ زیاترە لە 300 ملیار دینار، تەمویلی هاوپەیمانانیش بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بریتییە لە 20 ملیار دینار، كۆی گشتی ئەو پارەیەش ترلیۆنێك و 30 ملیار دینارە و بۆ موچەش پێویستی بە 900 ملیار دینارە، هەروەها 200 ملیار دیناریش لە بەغداوە دێت.
جەختی لەوش كردووەتەوە، بەم شێوەیە حكومەت دەتوانێت هەم موچە بدات، هەم دەرگای دامەزراندن بكاتەوە، هەم هانی كەرتی تایبەت بدات و هەمیش كێشەكانی خزمەتگوزارییەكان و پڕۆژەكانیش چارەسەر بكات.
ئەو پەرلەمانتارە پێشی وایە، بە گشتی نزیكەی 350 ملیار دینار مانگانە لە پارەی نەوت دیار نامێنێت، هەموو بەدواداچونێكی پەرلەمانییان كردوە و بە دەیان یاداشت و پرسیار ئەم داتایانەیان ئاڕاستەی حكومەت كردون، بەڵام تا ئێستا حكومەت بێ وەڵامە.

