
كەریم نوری بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئاشكرای كرد، لە 48 كاتژمێری داهاتوودا گەشتی خۆڕایی دابین دەكەن بۆ ئەو كەسانەی ئارەزوومەندن لە سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەنداوە بگەڕێنەوە.
كەریم نوری بە ئاژانسی فەرمی عێراقییەی وتووە، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و وەزارەتی دەرەوە و حكومەت لەنزیكەوە چاودێری بارودۆخی عێراقییەكانی سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا دەكەن.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، لەماوەی 48 كاتژمێری داهاتودا گەشتی خۆڕایی بۆ ئەو كەسانە دابین دەكرێت كە خوازیارن بگەڕێنەوە بۆ عێراق، واتە گەڕانەوەكە ئارەزوومەندانە دەبێت.
بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران وتوشیەتی، پەیامی ئێمە بۆ هاووڵاتیان ئەوەیە سەرەڕای بارودۆخی سەختی عێراق لە هەندێك رووەوە، بەڵام كۆچی نایاسایی قورسترە، هیواداریشن بیلاڕوسیا ئەو گروپانە ئاشكرا بكات كە ئەو پەنابەرانەیان گواستووەتەوە و توشی ئەو دۆخەیان كردوون.

