
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بەسرە رەتیدەكاتەوە بۆمبی هێشویی رفێنرابێت مەترسی لەسەر هاووڵاتیان دروستبكات.
لە راگەیەنراوێكدا فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە رایگەیاندوە، هەواڵێك لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاوكراوەتەوە لەبارەی رفاندنی كۆنتێنەرێكی پڕ لە بۆمبی هێشوی لەلایەن چەند كەسێكەوە، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوەو رەتیدەكەنەوە.
راشیگەیاندوە، وەك فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە تەئكید دەكەینەوە كە بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە نابنەهۆی ترس و دڵەڕاوكێ لەسەر گیانی هاووڵاتییەكانمان.
فەرماندەییەكە داواشیكردوە راگەیاندنەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە وریاییەوە زانیارییەكانیان بڵاوبكەنەوەو پشت ببەستن بە سەرچاوە باوەڕپێكراوەكان و دواتر بڵاویبكەنەوە.
پێشتر عەباس ماهر قائیمقامی قەزای زوبێری سەر بە پارێزگای بەسرە رایگەیاندبوو، چەند كەسێك كە بەدوای پارچە ئاسندا گەڕاون چاویان بەچەند كۆنتێنەرێكی بەتاڵ كەوتوەو یەكێكیان رفاندوە، پێدەچێت ئەو كۆنتێنەرە ئەوەیان بێت كە زیاتر لە 100 بۆمبی هێشویی تیابێت كە بەنیازی تەقاندنەوەو پوچەڵكردنەوەی بون لە بیابانی رومێلە.

