
سەركردایەتی كەركوك – سەڵاحەدینی یەكێتی بڵاویكردەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێكە لەو هاوپەیمانێتییەی كە پاڵپشت و بەرنامەداڕێژەری مانەوەی راكان جبورییە لە پۆستی پارێزگاری كەركوكدا.
سەركردایەتییەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، كاندیدێكی پێكهاتەی عەرەب لە پەرلەمان لە بری پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوك سوێندی یاسایی خوارد، ئەم پڕۆسەیە لەلای یەكێتی روونە كە چۆن ئەم پیلانگێڕییە داڕێژراوە و بەرنامەی بۆ دانراوە، مەبەست لێی مانەوەی راكان جبورییە وەك بەشێك لە برەودان بە سیاسەتی بەعەرەبكردن.
ئەوەش هاتووە، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە بۆ یەكێتی و خەڵكی كەركوك، ئەوەیە كە پارتی بەشێكە لەو هاوپەیمانێتییەی كە پاڵپشت و بەرنامەداڕێژەری مانەوەی راكان جبورییە لە پۆستەكەیدا، لەم سۆنگەیەوە یەكێتی بە هەموو لایەكی رادەگەیەنێت كە پۆستی پارێزگاری كەركوك ئیستحقاقی نەتەوەی كوردە، هەروەها لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە تێكۆشەرەكانی كوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵ و كۆششەكانی بۆ دەستەبەركردنەوەی ئەو پۆستە و بە هیچ شێوەیەك سازشی لەسەر ناكات.
سەركردایەتی كەركوك – سەڵاحەدینی یەكێتی جەختی لەوەش كردووەتەوە، هیچ لایەنێك مافی ئەوەی نییە بەم شێوەیە بچێتە ناو پیلانگێڕییەكان دژ بە كەركوكییەكان و دانوستاندن بكات بۆ مانەوەی راكان جبوری.